ئاوا بوونی ئه ستێره ی پرشنگداری ئاسمانی کورده واری
http://www.sirwanweekly.com/Default.aspx?TabId=58&nid=3308
هه‌ر له یه‌که‌م چرکه‌ی بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌واڵی کۆچی دوایی زانای به‌ناوبانگ و مامۆستای هێژا (( مامۆستا مه‌لا عبدالکریمی مدرس)) دا دڵه‌کان راچڵه‌کان و پێنوسه‌کان بزوتن و سه‌رجه‌می میدیاکان ژڵه‌ژان و ، تێکڕای گۆڤار و رۆژنامه و حه‌فته‌نامه‌کان که‌وتنه خۆیان و، جه‌ماوه‌ر له مزگه‌وته‌کاندا پوره‌یان دا و چین و توێژ و که‌سایه‌تییه جۆراوجۆره‌کان ووروژان.
هه‌ر که‌س به جۆرێک و، هه‌ر گروپ و لایه‌نێک، به شیوه و شێوازێک داخ و که‌سه‌ر و خه‌م و په‌ژاره‌ی خۆیان ده‌ربڕی و ئه‌و خورپه و کۆسته‌یان به خورپه و کۆستی راسته و خۆی خۆیان ده‌زانی. ته‌م و خه‌م ئاسمانی کورده‌واری گرته باوه‌ش و په‌ژاره باڵی کێشا به‌سه‌ر هه‌موو ماڵه کوردێکدا.
به‌راستی زۆر جێگای خۆیه‌تی ئه‌م گه‌له ئاوه‌ها و، چڕ و پڕتریش بڕۆن به‌ده‌م ئه‌م خورپه و روداوه دڵته‌زێنه‌وه و، له پرسه و ماته‌می ئه‌و گه‌وره پیاوه‌دا ده‌سته ئه‌ژنۆ دانیشن و، رێزی لێ بگرن و، یادی پیرۆزی بکه‌ن و، سڵاو و درودی خوای گه‌وره، ئاراسته‌ی گیانه پاک و به‌رزه‌که‌ی بکه‌ن و، نزا و پاڕانه‌وه‌یان له خوای گه‌وره ئه‌وه بێ که: له به‌هه‌شتی به‌ریندا له ریزی پێغه‌مبه‌ران و شه‌هیدان و، چاکاندا رێزی لێ بگرێ)).
چونکا ئه‌م مامۆستا به‌ڕێز و به‌سۆزه، وه‌ک په‌پوله‌یه‌ک ئه‌وینداری گه‌له‌که‌ی بوو و وه‌ک مۆمێک خۆی نوانده‌وه بۆ گه‌شه کردن و پێشکه‌وتنی نیشتمانه‌که‌ی. ماندونه‌ناسانه قۆڵی ئازایه‌تی لێ هه‌ڵکرد و، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای گه‌نجی و لاوییه‌وه، تاکو تنۆکێک وزه و توانای تیا ما، به درێژایی نزیکه‌ی یه‌ک سه‌ده، به ده‌رس وتنه‌وه و فێرکاری و تێگه‌یاندن و پێگه‌یاندن و نوسین و ووتاردان، خزمه‌تێکی هه‌مه‌لایه‌نه و به‌رفراوانی به دین و ژین و ئه‌ده‌ب و فه‌رهه‌نگ و کلتور و که‌له‌پوری نه‌ته‌وه‌که‌ی کرد و، کات و سات و چرکه‌یه‌ک نه‌سره‌وت. له هه‌مو بواره‌کاندا به نوسین و راڤه و شرۆڤه کردن و، توێژینه‌وه‌ی به‌رهه‌می نوسه‌ران و که‌ڵه شاعیرانی هۆزه‌که‌ی، کتێبخانه‌ی وڵاته‌که‌ی ره‌نگین و ده‌وڵه‌مه‌ند کرد. ئه‌و تیکست و ده‌سنوسانه‌ی که له تاقی مزگه‌وت و حوجره و ماڵه کورده‌کاندا له ژێر ته‌پ و تۆزدا نوقم بوبوون، له فه‌وتان و تیاچون رزگاری کردن و وه‌کو مه‌شخه‌ڵێک پێشکه‌ش به گه‌له‌که‌ی کرد.
به کوردی و کورتی، مامۆستای به سۆز و دڵسۆزی کورد، له زانکۆ پیرۆز ومه‌دره‌سه به‌رفراوانه‌که‌ی ((بیاره))وه، تا ((مزگه‌وتی حاجی حانی سلێمانی)) و، له‌وێشه‌وه تا ((ته‌کیه‌ی تاڵه‌بانی که‌رکوک)) و، دوا قۆناغ و ئاخرین مه‌نزڵی له باره‌گا به‌فه‌ڕه‌که‌ی ((گه‌یلانی)) له به‌غدا، چرکه چرکه‌ی ژیانی پیت و فه‌ڕ و به‌ره‌که‌ت بوو بۆ گه‌ل و نیشتمانه‌که‌ی و به زمانی هه‌موو که‌سێ دواوه و، به دڵی هیچ که‌سێکه‌وه نه‌که‌وتوه. هه‌مو چین وتوێژێکی له زه‌ریای زانیاری خۆی به‌شدار کردوه و له هه‌مو لایه‌نێکه‌وه سفره و خوانی پڕ پیت و به‌ره‌که‌تی راخستوه و، به تێر و ته‌سه‌لی هه‌ق و مافی هه‌مو گوروپ و لایه‌نێکی دابین کردوه:
به نوسینی نامیلکه‌ی (( ئیمان و ئیسلام )) بیر و بڕوای پاکی ئایینی پیرۆزی ئیسلامی له دڵ و ده‌رونی منداڵانی کورده‌واریدا چه‌سپاندوه.
به وه‌رگێڕانی ده‌وڵت نامه‌که‌ی مامۆستا خدری رواری بۆ سه‌ر زاراوه‌ی سۆرانی له ژێر ناونیشانی (( ئیقباڵ نامه ))دا تامه‌زرۆانی شانس و ئیقباڵ و خۆشبه‌ختی خسته‌وه‌ته سه‌ر راسته شه‌قامی به‌خته‌وه‌ری.
به داڕشتنی (( ئاوی حه‌یات )) تینویه‌تی ئه‌ویندارانی مێژوی ژیانی پێغه‌مبه‌ری مه‌زن و پێغه‌مبه‌رانی دیکه و خه‌لیفه راشیده‌کانی، شکاندوه.
به هۆنینه‌وه‌ی (( به‌هار و گوڵزار ))ه‌که‌ی، ئاکاری چاک و ره‌وشتی پاک و ئامۆژگاری به‌که‌ڵک و، قسه‌ی به‌توێکڵ و، وته‌ی به‌له‌زه‌تی وه‌کو گوڵاڵه سوره‌ی به‌هاری کورده‌واری، پێشکه‌ش به کۆمه‌ڵگاکه‌ی کردوه.
به هۆنینه‌وه‌ی (( دوو رشته ))ش هۆگرانی فێربوونی زمانی عه‌ره‌بی خستووه‌ته گڕوگاڵ و زمانی به زاراوه‌ی عه‌ره‌بی پژاندوون.
به‌نوسینی (( وتاری ئاینی بۆ رۆژانی هه‌ینی )) دوانگه‌ی مزگه‌وته‌کانی به وتاری شیرین و بابه‌تی به پیز، رازاندوه‌ته‌وه و وتاربێژانی هان داوه تا به زمانی شیرین و پاراوی کوردی، گه‌ل و هۆزه‌که‌یان، فێری به‌رنامه‌ی دین و ژین بکه‌ن.
به نوسینی چوار به‌رگ (( شه‌ریعه‌تی ئیسلام )) گه‌لی کوردی شاره‌زای داب و نه‌ریت و یاسای پیرۆزی ئیسلام کردوه.
به هه‌ڵکردنی (( چل چرای ئیسلام )) و مانا کردن و لێکدانه‌وه‌ی چل فه‌رموده‌ی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام، رێگای بۆ موسوڵمانانی کورد رون کرده‌وه‌ته‌وه و له شه‌وه‌زه‌نگی ئه‌نگوسته‌چاو رزگاری کردوون.
به کۆکردنه‌وه و راڤه و شه‌ن و که‌و کردنی خه‌رمانی به پیتی دیوانی که‌ڵه شاعیرانی گه‌له‌که‌ی، وه‌کو مامۆستا مه‌وله‌وی، نالی، مه‌حوی و فه‌قێ قادری هه‌مه‌وه‌ندی، که‌لێنیکی گه‌وره‌ی له مێژوی شیعر و ئه‌ده‌بی کوردی‌دا پڕ کردوه‌ته‌وه و گیانێکی تازه‌ی به په‌یکه‌ری که‌له‌پوری گه‌له‌که‌مان به‌خشیوه. رۆحی گه‌وره‌ی ئه‌و شاعیر و ئه‌دیبه ناسک خه‌یاڵانه‌ی شاد کردوه و دڵ و ده‌رونی هه‌مو شاعیر و ئه‌ده‌ب دۆست و هونه‌رپه‌روه‌رێکی گه‌شاندوه‌ته‌وه.
به دانانی کتێبی (( بنه‌ماڵه‌ی زانیاران )) زانا و که‌سایه‌تیه نه‌ناسراو و وون بوه‌کانی وڵاته‌که‌مانی له کون و قوژبن و تاریکایی له بیرچونه‌وه و نه‌ناسراوی ده‌رهێنا و ، ناو و نیشان و پله‌ی زانیاری و، جێگای له‌دایک بون و خوێندن و جۆری ژیانیان و، به کوردی و کورتی ناسنامه‌یه‌کی تێر و ته‌سه‌لی هه‌مویانی دایه ده‌س گه‌له‌که‌ی.
به نوسینی (( علمائنا )) به زمانی عه‌ره‌بی، زانایان و که‌سایه‌تیه‌کانی گه‌لی کوردی به عه‌ره‌به‌کان ناساند و به باشی بۆی رون کردنه‌وه که گه‌لی کورد گه‌لێکی زانا و دانا په‌روه‌ره و له هه‌مو بواره‌کاندا مێژویه‌کی پرشنگدار و مێژینه‌یه‌کی زێڕنی هه‌یه.
به رافه‌کردن ولێکدانه‌وه‌ی قورئانی پیرۆز و پێشکه‌ش کردنی (( ته‌فسیری نامی )) له حه‌وت به‌رگدا، به زمانی کوردی، گه‌لی کوردی شاره‌زای ده‌ریای بێ په‌یی قورئانی پیرۆز کردووه و، توێشویه‌کی به‌پیتی به گه‌له‌که‌ی به‌خشیوه.
له گۆڕه‌پانی هزر و بیر و فیکریشدا، به لێکۆڵینه‌وه و ته‌ته‌ڵه‌کردن و شیتاڵ کردنه‌وه‌ی سێ کتێبه که‌لامیه‌که‌ی مامۆستای زانا و پایه‌به‌رزی کورد، مامۆستا مه‌وله‌وی، (( فه‌زیله )) و (( ئه‌قیده‌ی مه‌رزییه )) و (( فه‌وائیح )) به زمانی عه‌ره‌بی و کوردی و فارسی، گرێ کوێره‌ی ئه‌م زانیاریه پڕ له گرێ و لچکه که‌لامی و فه‌لسه‌فییه‌ی کردوه‌ته‌وه و تیشکی خستوه‌ته سه‌ر هه‌مو کون و قوژبن و لایه‌نه تاریک و نادیاریه‌کانی و وه‌ک پارویه‌که‌ی گه‌رم و نه‌رم له به‌رده‌م قوتابیانی ئه‌م قوتابخانه‌دا دایناوه.
به‌مانه و چه‌ندین کتێبی تری چاپ کراو و ده‌سنوسی چاپ نه‌کراو، خزمه‌تێکی به‌رفراوانی به گه‌ل و نیشتمانه‌که‌ی کردوه.
له راستیدا ئه‌توانین بڵێین مامۆستای خۆشه‌ویست، له بواری خزمه‌ت گوزاری به‌زمان و فه‌رهه‌نگ و که‌له‌پوری گه‌له‌که‌ی و له گشت گیری و هه‌مه‌لایه‌نه‌بونی خزمه‌تگوزاریه‌که‌یدا، ناوازه و تاقه شۆڕه‌سواری ئه‌م مه‌یدانه بووه. هه‌رچی سه‌باره‌ت به‌و گه‌وره پیاوه بوترێ و هه‌رچه‌نده ده‌رباره‌ی بنوسرێ، هێشتا هه‌ر که‌مه و نه‌توانراوه هه‌ق و مافی خۆی به تێر و ته‌سه‌لی بدرێتێ.
هه‌روه‌ک له پێشه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌کمان دایه، هه‌ر ئه‌وه به‌سه بۆ ده‌رخستنی ئاستی گه‌وره‌یی و که‌سایه‌تی مامۆستا، که له کۆڕی پرسه و سه‌ره‌خۆشیه‌که‌یدا هه‌مو چین و به‌ره و که‌سایه‌تێیه‌کان ئه‌و پرسه و سه‌ره‌خۆشییه‌یان به هی خۆیان ده‌زانی و هه‌مو پرسه و سه‌ره‌خۆشی له خۆی ده‌کرد.
بۆ نمونه له رۆژی دوهه‌می پرسه‌که‌یدا له سلێمانی و له مزگه‌وتی عبدالله لوتفی به‌شداری ئه‌و کۆڕه‌م کرد. هه‌ر له ده‌رکی حه‌وشه‌وه تا هۆڵی پرسه‌که و له هۆڵه‌که‌شدا، نوێنه‌رانی چینی مامۆستایانی ئایین و فه‌رمانبه‌ران و لێپرسراوان و که‌سایه‌تیه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و نوێنه‌ری بازرگانان و کرێکاران و جوتیاران و ئه‌ندامانی زۆربه‌ی حیزب و رێکخراوه‌کان و، رۆشنبیران و ئه‌ده‌ب دۆستان و نوسه‌ران و شاعیران، به‌دی ده‌کران و به‌ریز بۆ رێزگرتن له مامۆستا به‌سه‌رپێوه وه‌ستابون. جه‌ماوه‌ریش وه‌کو شه‌پۆلی ده‌ریا ده‌هاتن و دانیشتوانیش له‌به‌ر بێ جێگایی و قه‌ره‌باڵخی، به نابه‌دڵییه‌وه جێگاکه‌ی خۆیان بۆ تازه‌هاتوان به‌جێ ده‌هێشت.
ئه‌م شه‌پۆل وئاڵ و گۆڕه، تا دواکاتی کۆڕه‌که هۆڵکه‌ی داپۆشیبو. ئه‌وه‌ش شایانی باسه که له ده‌ره‌وه، به ده‌وروبه‌ری دیواری مزگه‌وته‌که‌دا، لافیته و دروشمی هه‌مو لایه‌ن و حیزب و رێکخراوه و به‌ره‌نیشتمانی و مه‌ده‌نیه‌کان، به بیروبۆچونی جیاواز و جۆراوجۆره‌وه، هه‌ڵواسرابو و خه‌م و په‌ژاره و پرسه و سه‌ره‌خۆشی خۆیان ده‌ربڕیبو. له‌م بواره‌دا له نێوچاوانی هه‌مو ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌وه، ته‌بایی و برایه‌تی و یه‌کبون و یه‌کگرتویی ده‌دره‌وشایه‌وه.
به‌ڵێ که‌سایه‌تیه هه‌مه‌لایه‌نه و گشت گیریه‌که‌ی مامۆستا، وه‌کو هه‌ودایه‌کی نه‌پساو، هه‌مو لایه‌نه‌کانی هۆنیبوه‌وه و یه‌ک ده‌س و یه‌ک دڵ تێکڕا خۆیان به خاوه‌نی پرسه‌که ده‌زانی. له دوابه‌شی کۆڕه‌که‌شدا مامۆستا محمد گه‌زنه‌یی، وه‌زیری ئه‌وقاف، و مامۆستا حه‌مه‌مین جه‌میل، به‌رپرسی یه‌کیه‌تی زانایانی کوردستان، و کاکه حه‌مه‌ی کوڕی مامۆستای خوالێخۆشبو، هه‌ریه‌ک کورته وتارێکیان سه‌باره‌ت به که‌سایه‌تی و خزمه‌تگوزاریه به‌رفراوان و هه‌مه‌لایه‌نیه‌که‌ی مامۆستا پێشکه‌ش کرد و ئاماده‌بوانیش به خوێندنی فاتیحه‌یه‌ک بۆ گیانی پاکی مامۆستا، به چاوی فرمێسکاوییه‌وه هۆڵه‌که‌یان به‌جێ هێشت.
رۆژی دوایی گه‌ڕامه‌وه بۆ مه‌ریوان و هه‌واڵی کۆڕی پرسه و سه‌ره‌خۆشی مامۆستا‌م پرسی. هه‌واڵێکی دڵته‌زێن دڵی راچڵه‌کاندم. وتیان به‌ڵێ: له مزگه‌وتی حاجی نه‌جیمی شاری مه‌ریوانیشدا کۆڕی پرسه دانراوه. واچاوه‌ڕوان ده‌کرا پرسه‌ی مامۆستا پرسه‌ی هه‌موان بێ و جه‌ماوه‌ر به هه‌مو توێژ و چینه‌کانیه‌وه خاوه‌نی ئه‌و پرسه و سه‌ره‌خۆشیه بن.
به‌ڵام سه‌د مه‌خابن! له ئاکامدا ده‌رکه‌وت گروپێکی پاوان خواز و به‌رچاو ته‌نگ و بیر ته‌سک، هه‌ر له‌خۆیانه‌وه خۆیان کردوه به خاوه‌ن و ده‌م راس و کوێخای کۆڕه‌که و کاتێ یه‌کێ له مامۆستایان ده‌چێته ژوری مزگه‌وته‌که‌وه، یه‌کێ له‌و گوروپه خۆبه‌خاوه‌ن پرسه زانه لێی راده‌په‌ڕێ و زۆر به بێ ئه‌ده‌بییه‌وه پێیدا هه‌ڵده‌شاخێ و ده‌ڵێ: تۆ بۆت نیه بێیته ئه‌م پرسه‌وه و ئه‌گرا جێگای تو نیه. گوایا به‌ڵگه‌شی ئه‌وه‌ده‌بێ که تۆ په‌یڕه‌و و شوێن که‌وتوی مامۆستا نیت و بڕوات به نوسین و بۆچونه‌کانی نیه!
به‌م هه‌ڵوێسته ناشیرین و به‌ڵگه بن شڕه کۆڕکه ده‌ژڵژێنێ و ده‌بێ به ده‌مه‌قاڵه ودوبه‌ره‌کی وله‌یه‌ک هه‌ڵچون.
به‌ڵێ به‌راستی ئه‌مه دیارده‌یه‌کی دزی‌و و قیزه‌ون و ئاژاوه‌چیانه بوو که له‌و گروپه وه‌شایه‌وه و ئه‌وه‌ش دیمه‌ن و رواڵه‌ت و وێنه‌یه‌کی تربو که له کۆڕ و کۆمه‌ڵ و جه‌ماوه‌ری سلێمانیه‌وه بینیمان و به‌تێر و ته‌سه‌لی خستمانه پێش چاوتان و به جوانی باسمان کرد.
له‌وانه‌شه هه‌ندێ، ئه‌م روداوه به دیارده‌یه‌کی بچوک بده‌نه قه‌ڵه‌م و به توندی ره‌خنه‌م لێ بگرن و بڵێن: ئه‌م بابه‌ته جێگای له‌م وتاره‌دا نابێته‌وه و ئه‌م کێشه‌یه کێشه‌یه‌کی تاکی یه و په‌یوه‌ندی به چه‌ند که‌سێکه‌وه هه‌یه و نه‌ده‌بوا لێره‌دا باسی لێ بکرایه.
به‌ڵام له‌راستیدا ئه‌م کاره‌ساته دڵته‌زێنه، دیارده‌یه‌کی دزێوی کۆمه‌ڵاَیه‌تیه و ده‌ردێکی که‌سکون و برینێکی ناسۆر و نه‌خۆشییه‌کی شیرپه‌نجه‌یه و کۆمه‌ڵگا داده‌ڕزێنێ و په‌یوه‌ندی و یه‌کیه‌تی و برایه‌تی نێوان هه‌مو چین و توێژه‌کان ده‌پسێنێ و تۆی رق و کینه له کۆمه‌ڵگادا ده‌چێنێ و دوبه‌ره‌کی و کێشه و گیر و گرفت چه‌که‌ره ده‌کا و ده‌بێ به پێگه‌یه‌کی پته‌و و هه‌لێکی ره‌خساو بۆ دژمنان و ناحه‌زانی ئه‌م گه‌ل و نیشتمانه.
ئه‌گه‌ر سوکه ئاوڕێک له مێژوی مێژینه‌ی خۆمان بده‌ینه‌وه و به وردی چاوێک به رابوردوی خۆماندا بخشێنین، بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که به درێژایی مێژوو ئه‌م چه‌شنه دیارده دزێوانه بونه‌ته هۆکاری سه‌رکوت کردن و داپڵۆسان و چه‌وسانه‌وه و پێشێل کردنی هه‌ق و مافه ره‌واکانی ئه‌م گه‌له‌مان.
که‌واته زۆر پێویسته و جێگای خۆیه‌تی، له کات و ساتی خۆیدا چاو له‌م دیارده و روداوه ناله‌بار و ناحه‌زانه نه‌نوقێنین و، نه‌شته‌رگه‌ریه‌کی چاکیان بکه‌ین و بیان خه‌ینه به‌رباس و لێکۆڵینه‌وه و ژیرانه تیمار و چاره‌سه‌ریان بکه‌ین، تا له‌مه زیاتر ته‌شه‌نه نه‌کا و نه‌بێته گیاکه‌ڵه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌موو خۆزگا و بریا و ئاوات و ئامانجه زێڕینه‌کانمان وشک و بنه‌بڕ نه‌کات.
که‌واته ئێمه وه‌کو گه‌لی کورد، له‌م هه‌ل و مه‌رج و بارودۆخه ناسکه‌دا، ئه‌رکی سه‌رشانی هه‌مو لایه‌که به جه‌خت و توند و تۆڵی بگه‌ڕێین به دوای ئه‌و بۆنه و ده‌رفه‌تانه دا که له‌و دیارده ناپه‌سه‌ند و روداوه ناحه‌زانه دورمان ده‌خاته‌وه و به‌ره‌و یه‌کیه‌تی و دڵ‌پاکی و یه‌کده‌ستی و یه‌کدڵی ده‌مانبا و ناحه‌زان و دوژمنانی گه‌ل و وڵاته‌که‌مان ده‌گریه‌نێ و بزه و خه‌نده ده‌خاته سه‌ر لێوی گه‌له‌که‌مان و به‌ره‌و ئاسۆی روناکی و به‌خته‌وه‌ری و رزگاری هه‌میشه‌یی، ده‌مان بات.
به‌راستی زۆر جێگای خۆی بوو، ئه‌م بۆنه پیرۆز و ده‌رفه‌ته گشت گیر و هه‌مه‌لایه‌نه، واته کۆڕی پرسه و سه‌ره‌خۆشی مامۆستای گه‌وره و دڵفراوان و به‌سۆز و گه‌ل و نیشتمان ویست، بقۆزینه‌وه و وه‌کو بۆنه و هۆکار و ئامێرێکی پیرۆز بۆ یه‌کیه‌تی و برایه‌تی و به‌دی هێنانی هه‌مو ئه‌و شته به‌که‌ڵکانه‌ی که له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێدا، به‌کاری بێنین.
هه‌روه‌کو ژیان و ته‌مه‌نی پیرۆزی مامۆستا، هه‌موی خێر و بێر و پیت و به‌ره‌که‌ت بوو بۆ گه‌ل و هۆز و نیشتمانه‌که‌ی، هه‌روه‌هاش کۆچی دوایی و پرسه و ماته‌مه‌که‌شی ببێته مایه‌ی خۆشی و به‌خته‌وه‌ری و سه‌رفه‌رازی و بڕژێ به سه‌ر هه‌مولایه‌کماندا.
له کۆتاییدا شایانی باسه، جگه له ده‌رخستنی ئه‌و راسته‌قینانه و تیشک خستنه‌سه‌ر چۆنیه‌تی بابه‌ته‌که، ئه‌و مامۆستایه‌ی که له کۆڕه‌که‌ی مه‌ریواندا جواب کرا و توشی ئه‌و کێشه و گرفته‌یان کرد، خۆی و باوکی یه‌کێ بون له دۆستان و خۆشه‌ویستانی مامۆستای موده‌ڕیس. به تایبه‌تی باوکی قوتابی مامۆستا بوه و له علمائناکه‌یدا لاپه‌ڕه‌ی 226 پێناسه‌یه‌کی تێروته‌سه‌لی ده‌کا و پاش په‌سن کردنی ده‌فه‌رموێ: له کاتی خوێندنی دا هاته بیاره و لای من هه‌ندێ کتێبی خوێند و له کۆتاییشدا ئیجازه‌ی مامۆستایی وه‌رگرت. سه‌باره‌ت به مامۆستای جێگای باسیشمان ده‌فه‌رموێ: (( و خلف ولداً اسمه محمد یوسف و هو عالم فاضل صالح و فقه الله لما یحب و یرضی ))
واته کوڕێکی له‌دوای خۆی به‌جێ هێشتوه که ناوی محمد یوسفه و زانا و گه‌وره و چاکه‌کاره. خوا یارمه‌تی بدا بۆ ئه‌و شتانه‌ی که خۆی پێی خۆشه و جێگای ره‌زامه‌ندییه‌تی. ئه‌م مامۆستایه‌ش له کاتی گونجاو‌دا، وه‌فا و ئه‌مه‌ک ناسیی خۆی سه‌باره‌ت به مامۆستا به‌جێ هێناوه و چه‌ندین جار به‌تایبه‌تی له کوردستانه‌وه رۆیشتوه بۆ به‌غدا بۆ خزمه‌ت ئه‌و مامۆستا به‌سۆز و کانگای وه‌فایه. ئیتر نازانم ئه‌مانه چۆن که‌سایه‌تی مامۆستا و کۆڕی پرسه و سه‌ره‌خۆشی ئه‌و گه‌وره‌پیاوه‌یان بۆ خۆیان قۆرغ کردوه و چۆن له رویان هه‌ڵدێ هه‌ڵوێستی ئاوه‌ها ناشیرین و ناحه‌ز ده‌گرن و خۆیان به کوێخا و خاوه‌ن ماڵ و خۆیی ده‌زانن و هه‌مو هه‌ق و مافی َ به خۆیان ره‌وا ده‌بینن و خه‌ڵکی به بێگانه و ده‌ره‌کی و نامۆ ده‌ده‌نه قه‌ڵه‌م؟!
له راستیدا ئه‌مانه به‌م جم وجوڵه ناپه‌سه‌ند و قۆرغ کردنه‌یان، که‌سایه‌تی و گه‌وره‌یی و گشت گیری و هه‌مه‌لایه‌نه‌یی مامۆستا بچوک ده‌که‌نه‌وه و له جه‌غزێکی ته‌سک و تروسکدا قه‌تیسی ده‌که‌ن.
ئه‌مه‌ش نه رۆحی گه‌وره‌ی مامۆستای پێ شاده و نه هیچ ئاوه‌زێ دیانی پێدا ده‌نێ و، نه کۆمه‌ڵگاش گوێی بۆ ده‌گرێ.
له کۆتایی کۆتاییدا، له خوای گه‌وره ده‌پاڕێینه‌وه، مامۆستای پایه‌به‌رز و خۆشه‌ویستمان به به‌هه‌شتی به‌رین شاد کا و له ریزی پێغه‌مبه‌ران و شه‌هیدان و چاکاندا رێزی لێ بگرێ.
۱۰/۷/۸۴