![]() |
![]() |
|
|
له دایک بوون هاشاوڵ بۆ مردن بردنه ، ژیانه‌وه‌ی پاش مردنه ، قه‌ڵخانه شیره تیره خه‌نجه‌ره، ئه‌ڵماسه تیغه نه‌شته‌ره، قشونه سوپایه له‌شکه‌ره، پشتیوانی هه‌ژارانه، پشت شکێنی داگیرکه‌ره، رزگارکه‌ری کۆیله و هه‌ژار و فه‌قیره، شکێنه‌ری پێوه‌ن و کۆت وزنجیره، روخێنه‌ر و تێکده‌ری قه‌ڵای پڕ له به‌ڵای سته‌م‌کارانی مل‌هوڕه، له‌غاوکه‌ری هه‌ڵه‌وه‌ڕ و ده‌م‌شڕ و لانگر و دڕه، زه‌رده‌خه‌نه وبزه و قاقای پێکه‌نینه، خۆشی و شادی و هه‌ڵ‌په‌ڕینه، خه‌باته هه‌وڵه شۆڕشه، پڕ به پڕ خۆی له دایک بوونه ئه‌م وشه. به‌ڵام جاری وه‌هاش هه‌یه، وایه مانای ئه‌م ووشه‌یه: له‌دایک بوون، واته نه‌بوون، واته مردن و تیا چوون، له دایک بوون، شه‌وه زه‌نگی ئه‌نگوست چاو و، هه‌وری ڕه‌شه، ده‌نگی ناخۆش و وێرانکه‌ری بایه‌قوشه، نرکه و ناڵه و داخوڕینه، بگره و برده و ئازاردان و هه‌ڵ بڕینه، پێ‌شێل‌که‌ری حه‌ق ومافه، ئه‌شکه‌نجه‌و سێ‌داره و ته‌نافه، فیز و فه‌لاسقه و که‌شخه و لافه، شایی و زه‌وقی داگیرکه‌ر و، خۆفرۆش و چه‌وت و لاره، شین و گریانی هه‌ژاره. له دایک بوون، له‌م به‌شه‌دا، پڕ به‌پڕ خۆی، واته : نه‌بوون و تیا چوون. ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر! ئه‌ی موژده‌ده‌ر و ترسێنه‌ر! ئه‌ی رابه‌ری مرۆڤایه‌تی! دروودی خوای گه‌وره‌ت له‌سه‌ر. له دایک بوون ، به مانای پیرۆزی بوون، پڕ به پڕ خۆی، کاڵایه‌کی ئاڵ و واڵ بوو ، به به‌ژن و باڵای تۆ بڕا. په‌رده‌ی ره‌شی داپۆشه‌ری راسته‌قینه، له‌ت بوو دڕا، زه‌نجیری ئه‌ستوری سته‌م، پسا چڕا. ئه‌ی موژده‌ده‌ر و ترسێنه‌ر! له ناو جه‌رگه‌ی ته‌نووری سووری زوڵم و له حه‌ق دوری عه‌ربسانا، له ناو ئه‌و گه‌له نه‌زانا ، له دایک بووی. به‌ڵام هه‌رگیز وه‌ک وان نه‌بووی، له‌وان نه‌چوی، له سه‌ر لوتکه‌ی کێوی به‌رزی ، عه‌ره‌فات و ئه‌بوقوبه‌یسا، هاوارت کرد، به ده‌نگێکی به‌رز و ره‌سا، ئه‌ی خه‌ڵکینه! ئه‌وه‌ی هۆزوبه‌ره‌و چینه، که‌دانیشتوی سه‌رزه‌مینه، تێکڕا گشتی وه‌ک یه‌ک وایه، له باوه ئاده‌م و دایه هه‌وایه بڕیار بڕیای خودایه، ره‌ش و بۆر و ئاڵ و مۆر و زه‌رد و سپی، پوشته و په‌رداخ و پێ‌په‌تی، ره‌ش و روت و تێر وبرسی، شایه، شالیاره وه‌زیره ، شوانه، ئاغایه گزیره، له لای خودا بێ‌تۆفیره، که‌س له که‌س گه‌وره‌تر نیه، سه‌نگی ترازو ته‌نیا ته‌قوا و خواپه‌رستییه. ئه‌ی سه‌رۆکی چینی هه‌تیو! خه‌بات گێڕ و قه‌ت نه‌به‌زیو! ئاوی ئاژینی ده‌شتی ژین! ئه‌ی ده‌ست پاک و راستگۆ و ئه‌مین! به‌نده‌ی ره‌شی بێ‌به‌شی حه‌به‌شیت کرد به هاوبه‌شی گه‌وره پیاوانی قوڕه‌یشی. ئاماده بووی له پێناویا هه‌زران تاڵی بچه‌شی، ئه‌ی پرشنگی دادپه‌روه‌ری، هه‌وری ره‌شی پڕ له جه‌وری ، سته‌م‌کاریت له ئاسمانی سته‌مکارا‌ن‌دا راماڵی، ته‌پ و تۆز و ته‌م و مژی له‌خۆبایی بونت راماڵی. فه‌رمووت : به هیچ مل‌هوڕێ، مل مه‌ده‌ن ، به‌ندایه‌تی بۆ که‌س مه‌که‌ن ، بۆخوا نه‌بێ کڕنۆش مه‌به‌ن. ئه‌ی تیشکی ئاسۆی ئازادی! مزگێنی هێنه‌ری شادی ! به‌م بانگه‌وازه ناوازه‌خۆش و سازه‌ت، گوێی بآ‌گوێیان و گوێ‌نه‌گرانت زرنگانده‌وه، بیر و مێشک و دڵ و هۆشی بێ‌هۆشان و سه‌ر خۆشانت ، شه‌کانده‌وه . به‌ڵام …به‌داخه‌وه… پاش ماوه‌یه‌ک له جیهانا ، هێندێ قه‌باره‌ی دڵ مردووی به له‌ش زیندوو، له دایک بوون، به چه‌قی له‌عنه‌تا رۆچوون، ته‌پ و تۆز و ته‌م و مژی هه‌ناسه‌ی ره‌شی ده‌رونی پڕ له غه‌شیان، بوو به هه‌ورێکی چڵکنی چڕی پڕی زۆر خه‌ست و خۆڵ، ئاسمانی ژینی گرته گۆڵ. تیشکی هه‌تاوی پرشنگداری زۆر به‌تاوی له دایک بوونه نازداره‌که‌ی تۆیان تاساند. خۆیان له‌جێی خوای گه‌وره، به خه‌ڵک ناساند، بانگه‌وازه به هێز و به سۆزه‌که‌تیان کپ کرده‌وه، به‌ده‌م به‌ده‌س به کرده‌وه، که‌وتنه گیانی هه‌ژارانی ئه‌م جیهانه، به‌تاک‌تاک و کۆمه‌ڵ کۆمه‌ڵ، ئه‌یان کوژن، خوێن و مۆخیان هه‌ڵ‌ده‌مژن، خۆیان به ئاغا ده‌زانن، نه‌جیب‌زاده و ماقووڵی ناو دیوه‌خانن هه‌موو هه‌ق و ماف هی وانه، هه‌ر مه‌نی وان له پێوانه، چ بێژن هه‌رئه‌وه راسه، حه‌ق‌بێژ لایان که‌ڕ و کاسه، خه‌ڵکی ده‌بێ گشت نۆکه‌ر بن، ده‌س نه‌زه‌ر بن چ پیاو چ ژن. به‌ڵێ: ئه‌م جاره‌ش وه‌ک جاری دی، چرای هیوا کوژایه‌وه، پشکۆی ژێرکا گه‌شایه‌وه، سه‌ردار سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه ماقوڵ و ناماقوڵ ژیایه‌وه دیلی و کۆیله‌یی و به‌ندایه‌تی، سه‌رۆکیی و ئاغایی و شایه‌تی، بنج و بناغه‌ی پته‌وه، له‌جاران پتر له بره‌وه. ئه‌ی هه‌ڵگری ئاڵای ئاڵی خۆشبه‌ختی! چێژه‌ری تاڵی و سوێری و سه‌ختی! جارێکی دی ئه‌م مرویه، نیازی به بانگه‌که‌ی تۆیه، خوێن‌مژان و پیلان‌گێڕان بتاسێنێ حه‌ق و راسی جارێکی دی، به‌م جیهانه بناسێنێ. بۆیه ئاوا ئێسته ئێمه‌ش، واته چینی کۆیله‌ی بێ‌به‌ش، له سه‌ر کێوی عه‌ره‌فات و ئه‌بووقوبه‌یسی وڵاته‌که‌مان، به‌ره‌و ڕوی مرۆ خۆرانی گشت جیهان ، راده‌وه‌ستین، کۆ ده‌بین و کۆڕ ده‌به‌ستین، یه‌ک ده‌گرین، به‌ڵین ده‌ده‌ین، بیر و یادی له دایک بوونه پیرۆزه‌که‌ی تۆده‌که‌ین، به‌هه‌موو هێزو ووزه و توانا، له شه‌قام و له کۆڵانا، له ده‌شت و چیا و بیابانا، له‌ناو ماڵا له‌سه‌ربانا، له‌سه‌ر لوتکه‌ی شاخه‌کانا، ئه‌قیڕێنین بانگه‌که‌ی تۆ ئه‌گه‌یه‌نین، گوێی زۆردار و داگیرکه‌رانی دڵ‌بۆگه‌ن ئه‌کاسێنین. بڕیار ده‌ده‌ین، له بڕیاریشماندا راست ده‌که‌ین، وه‌ک یارانی تێکۆشه‌ر و خه‌بات که‌رو کوڵ نه‌ده‌رت ، واز نایه‌نین، تا پشت به خوا ، بانگه‌وازه ناوازه‌که‌ت ئه‌گه‌یه‌نیـن. ئه‌م وتاره به بۆنه‌ی یادی له دایک بوونی پێغه‌مبه‌ری مه‌زنه‌وه(د.خ) له کۆڕێکی ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بی مه‌ریوان خوێنرایه‌وه. |
|
+ نوشته شده در
یکشنبه 24 مهر1384ساعت توسط ابراهیم مردوخی |
|
|
صفحه نخست پست الکترونیک آرشیو عناوین مطالب وبلاگ |
| درباره وبلاگ |
|
|
| نوشته های پیشین |
|
دی 1388 اسفند 1387 دی 1387 مهر 1387 آبان 1386 مهر 1386 اردیبهشت 1386 فروردین 1386 اسفند 1385 مهر 1385 اسفند 1384 بهمن 1384 دی 1384 آذر 1384 آبان 1384 مهر 1384 |
| آرشیو موضوعی |
|
وەرگێڕان دیمانه ره‌خنه شیعر و په‌خشان نامه‌کانم دیکه... |
|
RSS
|